پایتەخت

ئەندازیاری ئاوەدانی قۆناغێکی نوێ دەنەخشێنێت

ئەندازیاری ئاوەدانی قۆناغێکی نوێ دەنەخشێنێت
کورتە

دیدارە مێژووییەکانی ئەندازیاری ئاوەدانی لە بەغدا؛ بە حیكمەت و دیدگایەکی ڕوونەوە قۆناغێکی نوێ لە پەیوەندییەکان دەنەخشێنێت

ئەمڕۆ شەممە مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، سەردانێکی فەرمی بۆ بەغدا ئەنجام دا، لەگەڵ ژمارەیەک لە سەرکردە و بەرپرسانی باڵای حکومەتی فیدراڵ و سەرۆک لایەنە سیاسییەکانی عێراق کۆبووەوە.

 

سەرۆکی حکومەت لەم سەردانەیدا زنجیرەیەک دیداری جیاوازی لەگەڵ هەریەکە لە: (عەلی زەیدی، محەممەد حەلبووسی، هەیبەت حەلبووسی، حەیدەر عەبادی، هادی عامری، عەبدولحوسێن مووسەوی، فایەق زێدان، موسەننا سامەرائی و موحسین مەندەلاوی) ئەنجام دا.

 

لە کۆبوونەوەکاندا، دۆخی گشتیی سیاسی و ئەمنیی عێراق و ناوچەکە تاوتوێ کرا، لایەنەکان جەختیان لەسەر گرنگیی پەرەپێدانی هاریکاری و هاوئاهەنگیی نێوان هێزە سیاسییەکان و هەرێمی کوردستان کردەوە، بە مەبەستی تێپەڕاندنی ئاستەنگەکان و دۆزینەوەی چارەسەری بنەڕەتی بۆ کێشە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان (هەولێر و بەغدا) لەسەر بنەمای دەستوور، هاوبەشیی ڕاستەقینە، هاوسەنگی و سازان.

 

لە بەشێکی دیکەی گفتوگۆکاندا، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان تیشکی خستە سەر ئەو چاکسازییانەی کە کابینەکەی لە کەرتە جۆراوجۆرەکاندا ئەنجامی داون، بە ئامانجی گەشەپێدانی ئابووری و کارگێڕی لە هەرێمدا.

 

 لە تەواوی دیدارەکاندا جەخت لەسەر سێ چەمکی سەرەکی کرایەوە:  (هاوبەشیی ڕاستەقینە، هاوسەنگی، سازان)، سەرۆکی حکومەت پەیامی ئەوەی گەیاندووە، کە سەقامگیریی عێراق و سەرکەوتنی پرۆسەی سیاسی، بەندە بە ڕێزگرتن لە قەوارەی دەستووریی هەرێمی کوردستان و دابینکردنی شایستە داراییەکانی خەڵکی کوردستان بە شێوەیەکی دادپەروەرانە.

 

ئامانجی سەرەکەی کۆبوونەوەکان گواستنەوەی پەیوەندییەکانی هەولێر و بەغدا بوو لە قۆناغی "بەڕێوەبردنی قەیرانە کاتییەکان"ەوە بۆ قۆناغی "چارەسەری ڕیشەیی و بنەڕەتی"، ئەمەش لە ڕێگەی پێداگری لەسەر جێبەجێکردنی دەستوور وەک خۆی.

 

ئەم جووڵە دیپلۆماسییە، دەرخەری ئەوەیە مەسرور بارزانی وەک ئەندازیاری ئاوەدانی و سەقامگیری، تەنها پارێزەری مافەکانی هەرێم نییە، بەڵکو کارەکتەرێکی سەرەکی و کلیلە بۆ نەهێشتنی چەقبەستوویی سیاسی و دۆزینەوەی نەخشەڕێگایەکی نوێ بۆ داهاتووی عێراق.

24 ئایار 2026 00:18
هەڵبژاردنەکانی پێشکەشکردن

بەیەکەوە جیاوازی دروست دەکەین

هەموو مافێکی پارێزراوە بۆ پایتەخت

© 2026