جەنجاڵی ڕێگاکە کۆتایی دێت
کارەکانی قیرتاوکردنی دەروازەی نوێی پایتەخت بە شەو و ڕۆژ خێرا دەکرێت
بەپێی بڕیارێکی نوێ یەکێک لە دەروازە هەرە جەنجاڵەکانی پایتەخت، هەوڵ دەدرێت بەر لە جەژنی قوربان بەشێک لە شەقامەکەی تەواو بکرێت و بەڕووی شۆفێران بکرێتەوە.
ئەمڕۆ شەممە پارێزگای هەولێر بڵاویکردەوە، لەسەر ڕاسپاردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ پەرەپێدانی ژێرخانی ڕێگاوبانەکان، کارەکانی جێبەجێکردنی پڕۆژەی دەروازەی نوێی ڕێگای سەرەکیی (هەولێر - کۆیە) گەیشتوونەتە قۆناغێکی پێشکەوتوو و کۆتایی.
بەپێی ڕاگەیەندراوەکەی پارێزگای هەولێر، تیمە ئەندازیاری و تەکنیکییەکان شەو و ڕۆژ، تەنانەت لە ڕۆژانی پشووی هەینیشدا بەردەوامن لە کارکردن، بە مەبەستی تەواوکردنی پڕۆژەکە لە کاتی دیاریکراوی خۆیدا.
پارێزگای هەولێر ئاماژەی بەوە دا، لە ئێستادا پرۆسەی قیرتاوکردنی بەشێکی ڕێگاکە دەستی پێکردووە، بڕیار وایە ڕاستەوخۆ دوای کۆتاییهاتنی ئەم قۆناغە، دەست بە قیرتاوکردنی بەشێكی تریش بکرێت.
لە بەشێکی ڕاگەیەندراوەکەی پارێزگای هەولێر هاتووە، لەگەڵ تەواوبوونی هەردوو لای ڕێگاکە، هاتووچۆی شۆفێران لە ڕێگە لاوەکییە کاتییەکانەوە دەگوازرێتەوە سەر ڕێگە سەرەکییە نوێیەکە.
لە کۆتایی دا پارێزگای هەولێر دووپاتی کردەوە، ئامانجی سەرەکی لەم خێراکردنی کارانە، کردنەوەی بەشێکی گرنگی ئەم دەروازەیەیە پێش هاتنی پشووی جەژنی قوربان، بۆ ئەوەی ڕێگری لە دروستبوونی قەرەباڵغی و جەنجاڵی هاتووچۆی هاووڵاتییان و گەشتیاران بکرێت.