چوارچێوەی هەماهەنگی ئیدانەی هێرشە درۆنییەکانی سەر کۆمپانیا نەوتییەکانی هەرێم دەکات و داوا لە حکومەتی عێراق دەکەن هەڵوێستی یەکلاکەرەوەی هەبێت بەرامبەر ئەنجامدەرانی.
دەقی راگەیێندراوەکەی چوارچێوەی هەماهەنگی:
بسم الله الرحمن الرحيم
چوارچێوەی هەماهەنگی
فەرمانگەی راگەیاندن
21-7-2025
چوارچێوەی هەماهەنگی لەسەر ئاستی سەرکردایەتی، ئەمڕۆ دووشەممە، کۆبوونەوەی ئاسایی خۆی ژمارە (٢٣٥)ی لە نووسینگەی بەڕێز هادی عامری و بە ئامادەبوونی بەڕێز سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران ئەنجام دا، بۆ گفتوگۆکردن دەربارەی دوایین پێشهاتە سیاسی و ئەمنی و ئابوورییەکان.
چوارچێوەی هەماهەنگی ئیدانەی بەردەوامیی ئەو بۆردوومانانە دەکات کە کۆمپانیا نەوتییەکانی هەرێمی کوردستان دەکەنە ئامانج، چونکە هەڕەشەیەکی ڕاستەوخۆیە بۆ سەر سامانی نیشتمانی و بەرژەوەندییە گشتییەکان و لێدانە لە ژینگەی وەبەرهێنان و پێشێلکارییەکی ئاشکرایە بۆ سەر سەقامگیری. هەروەها داوا لە حکومەت دەکات هەڵوێستێکی توندی هەبێت بۆ ئاشکراکردنی دەستی پشت ئەم دەستدرێژییانە و ڕێگریکردن لە دووبارەبوونەوەیان.
هەروەها چوارچێوەی هەماهەنگی، جارێکی دیکە نیگەرانی و خەمباریی قووڵی خۆی بۆ کارەساتی ئاگرکەوتنەوەکەی پارێزگای واست دەربڕی، کە بووە هۆی گیانلەدەستدانی ژمارەیەک هاووڵاتیی بێتاوان. داواش دەکات لێکۆڵینەوەکان تەواو بکرێن و لێپرسینەوە لە هەرکەسێک بکرێت کە کەمتەرخەمییەکەی دەسەلمێت، بەتایبەتی لەگەڵ زیادبوونی ڕووداوەکانی ئاگرکەوتنەوە لەم مانگانەی دواییدا بەشێوەیەک کە جێگەی گومانە.