هاتووچۆ لەم ناوچە گەشتیارییە قەدەغە کرا
بڕیارێکی بەپەلە لەسەر هاتووچۆی گەلی عەلی بەگ درا
بەهۆی ڕووداوەکانی ئەم دواییانە و بە مەبەستی پاراستنی گیانی هاووڵاتییان، گۆڕانکاریی لە هێڵی سەرەکی هاتووچۆی ناو گەلی عەلی بەگ دەکرێت.
ئەمڕۆ شەممە خوسرەت سادق، بەڕێوەبەری چاککردنەوە و پاراستنی ڕێگاوبانی سۆران بە پایتەختی راگەیاند، بۆ ماوەی دوو ڕۆژ (24 و 25ـی 5ـی 2026)، ڕێڕەوی هاتنی ئۆتۆمبێل لە هەولێرەوە بەرە و سۆران دادەخرێت.
خوسرەت سادق دووپاتی کردەوە، داخستنی ڕێگاکە لە کاتژمێر 8:00ـی بەیانی تا 4:00ـی ئێوارە دەبێت و سەرجەم جۆرەکانی ئۆتۆمبێل دەگرێتەوە.
ناوبراو هۆکاری ئەم بڕیارەی بۆ بەردەوامبوونی کارەکانی تیمی ڕێگاوبان گەڕاندەوە، کە سەرقاڵی فڕێدانی خۆڵی داڕماو و ڕێکخستنەوەی تەنیشتەشانەکانی ڕێگاکەن بە مەبەستی پاراستنی گیانی شۆفێران.
سەبارەت بە شۆفێرانی هێڵی هەولێر - سۆران، خوسرەت سادق باسی لەوە کرد، دەتوانن لە ماوەی ئەم دوو ڕۆژەدا ڕێگای بێخاڵ - ڕەواندز - سۆران وەک ڕێگای جێگرەوە بەکاربهێنن.
بەڕێوەبەری چاککردنەوە و پاراستنی ڕێگاوبانی سۆران دڵنیایی بە شۆفێران دەدات، ڕێڕەوی پێچەوانە، واتە چوون لە (سۆرانەوە بەرەو هەولێر)، بە تەواوی کراوە دەبێت و هیچ جۆرە داخستنێک نایگرێتەوە.