پایتەخت

په‌رله‌مانتارێكی عێراق: لە دونیادا نییە فەرمانبەر دەوام بکات و مووچە وەرنەگرێت

په‌رله‌مانتارێكی عێراق: لە دونیادا نییە فەرمانبەر دەوام بکات و مووچە وەرنەگرێت
کورتە

دارا سێكانیانی له‌سه‌ر پرسی دواكه‌وتنی مووچه‌ زانیاری نوێ و نه‌بیستراو بۆ پایته‌خت میدیا ئاشكرا ده‌كات

 

نزیکەی 81 ڕۆژە مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم دابەش نەکراوە، هاووڵاتییان چاوەڕوان بوون ئەم یەکشەممەیە بڕیار لە ناردنی مووچە بدرێت بەڵام عێراق لە بڕیارەکەی پاشگەزبوویەوە، لەمبارەیەوە ئەندامێکی پەرلەمانی عێراق زانیاری بۆ پایتەخت میدیا دەخاتەڕوو.

 

ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ دارا سێکانیانی، ئەندامی پەرلەمانی عێراق سەبارەت بە نەناردنی مووچە لەلایەن عێراقەوە بە پایتەخت میدیای راگەیاند، لەدوای ڕێککەوتنەکە بەڵێن بە خەڵکی کوردستان درا کێشەی پێنەدانی مووچە چارەسەر بکرێت، هەرێمی کوردستان بەتەواوەتی پابەندبوونی خۆی  بە مەرجەکان ڕاگەیاندووە، بەڵام هیچ ئیرادەیەک نییە بۆ چارەسەرکردنی کێشەی نەناردنی مووچە.

 

ناوبراو زانیاری زیاتر دەخاتەڕوو و باس له‌وه‌ ده‌كات، هەر لایەک پابەند نییە پێویستە لێپرسینەوەی لەگەڵدا بکرێت، لەم ناوەندەدا دەست بۆ قوتی فەرمانبەرانی هەرێم براوە، عێراق لەبری ئەوەی کێشەکە چارەسەر بکات، قەیرانەکەی بەرەو ئاڕاستەیەکی دیکەدا برد، بەتایبەتی دەوای ئەو هێرشە درۆنییانەی کرایە سەر کێڵگە نەوتییەکان و کەمبوونەوەی بەرهەمهێنانی نەوتی هەرێم.

 

سەبارەت بە هێرشە درۆنییەکان بۆ سەر کێڵگە نەوتییەکانی هەرێم جەختی لەوەکردەوە، پێویستە حکومەتی هەرێم و عێراق، لایەنە پەیوەندیدارەکان بەدواداچوونی جدی بکەن بۆ سەرچاوەی ئەو مەترسیانەی هەرێمی کوردستان کە ڕۆژانە خەڵک و ژێرخانی هەرێم دەکرێتە ئامانج، پاراستنی سەروماڵی هاووڵاتییان و ژێرخانی هەرێم لایەنە پەیوەندیدارەکان لێوەی بەرپرسن.

 

دارا سێکانیانی سەبارەت بە مووچەی فەرمانبەران ڕوونیکردەوە، پێویستە مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم دابین بکرێت، فەرمانبەر هەقی بەسەر نەوت و پارە ڕادەستکردن نییە، نابێت سزا بدرێت.

 

لە کۆتایی قسەکانیدا ئەو ئەندامەی پەرلەمان ئاشکرای گووتی: "هاووڵاتییانی هەرێم بوونەتە قوربانی ململانێ سیاسییەکان، هیچ بنەمایەکی یاسایی و دەستووری نییە لە دونیادا وێنەی نییە فەرمانبەرێک ڕۆژانە دەوامی خۆی بکات بەڵام مانگانە مووچەکەی پێندرێت".

21 تەمموز 2025 18:58
هەڵبژاردنەکانی پێشکەشکردن

بەیەکەوە جیاوازی دروست دەکەین

هەموو مافێکی پارێزراوە بۆ پایتەخت

© 2025