پایتەخت

هەولێر دەنگۆی ناردنی چەک بۆ ئێران ڕەت دەکاتەوە

هەولێر دەنگۆی ناردنی چەک بۆ ئێران ڕەت دەکاتەوە
کورتە

سوپای پاسداران هەوڵێکی گواستنەوەی چەکی ئەمریکی بۆ نێو خاکی ئێران هەڵوەشاندەوە و هەرێمی کوردستان تۆمەتبار دەکات.

بەرپرسانی هەولێر لەسەر دەنگۆی ناردنی چەکی ئەمریکی بۆ ئێران هاتنە دەنگ و ڕوونکردنەوە دەدەن.

ڕۆژنامەی شەرقلئەوسەت لە زاری بەرپرسێکی هەرێمی کوردستان کە ناوی نەهاتووە، ڕایگەیاند، هەولێر ئەو دەنگۆیانەی بە تووندی ڕەت دەکاتەوە کە گوایە چەکی ئەمریکی لە هەولێرەوە بۆ ئێران نێردراون، چونکە ئەم چالاکییانە ئاسایشی ناوچەکە تێکدەدەن و کوردستان نایەوێت ببێتە بەشێک لە جەنگی نێوان ئێران و ئەمریکا/ئیسرائیل.

ئەم بەرپرسەی هەرێم ئاماژەی بە ئەگەرێکی دیکە کرد، کە ئەگەری هەیە گرووپی چەکدار لە ناوچەکە بەبێ ئاگاداری حکومەتی هەرێم چەک بە قاچاغ بۆ ئێران بگوازنەوە.

دوێنێ ئاژانسی تەسنیم لە زاری سوپای پاسداران ڕایگەیاند، سوپاکە گرووپێکی چەکداری "تیرۆرستی" باکووری عێراق (کوردستان)، کە بۆ ئەمریکا و ئیسرائیل کارییان دەکرد، لە نزیک شاری بانە لە ڕۆژئاوای تاران کرانە ئامانج.

بەگوتەی سوپای پاسداران، قەبارەیەکی گەورەی چەک و فیشەکی ئەمریکییان دۆزییەوە و دەستیان بەسەردا گرت، کە گرووپەکە هەوڵی گواستنەوەی دەدا بۆ نێو خاکی ئێران.

پێشووتر دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا ڕایگەیاندبوو، ئەمریکا چەکی بۆ گرووپە ئۆپۆزیسیۆنەکانی ئێران ناردووە، بەڵام لەلایەن حزبێکی کوردستانەوە چەکەکان داڵدەدرابوون و نەگەیشتبوونە ئێران، ترەمپ لەمبارەیەوە "بێهیوابوونی" خۆی دەربڕی.

19 ئایار 2026 09:39
هەڵبژاردنەکانی پێشکەشکردن

بەیەکەوە جیاوازی دروست دەکەین

هەموو مافێکی پارێزراوە بۆ پایتەخت

© 2026