پایتەخت

پەیامێک لە مامۆستا سۆرانەوە لەبارەی نەخۆشییەکەی

پەیامێک لە مامۆستا سۆرانەوە لەبارەی نەخۆشییەکەی
کورتە

دوای ئەوەی تووشی نەخۆشی بوو و توانای قسەکردنی لەدەستدا، مامۆستا سۆران یەکەم پەیامی خۆی بڵاوکردەوە و ڕوونکردنەوە دەدات.

مامۆستا سۆران، مامۆستا و زانای ئایینی هەرێمی کوردستان ماوەی چەند رۆژێکە توانای قسەکردنی لەدەستداوە و ناتوانێت قسە بکات، کەمێک پێش ئێستا لە پێگەی فەرمی خۆی لە فەیسبووک، پەیامێکی بڵاوکردەوە و باسی نەخۆشییەکەی دەکات.

مامۆستا سۆران، لە پەیامەکەی دا باسی نەخۆشی و چارەسەرییەکەی دەکات، هەروەها سوپاسی خەڵک کوردستان و موسڵمانان دەکات کە نزای چاکبوونەوەیان بۆی کردووە، جگەلەوە سوپاسی ئەو نەخۆشخانانە دەکات کە دەرگایان بۆ کردووەتەوە.

دەقی پەیامەکەی مامۆستا سۆران:

نەخۆشییەکەی من چییە؟ بۆچی ناتوانم قسە بکەم؟

بسم الله الرحمن الرحيم

ئەم برایەتان لە ئێوارەی ڕۆژی جەژنەوە، لەپڕ قوڕگم تووشی ئازارێکی زۆر قورس بوو. ئازارەکەم بە شێوەیەک بوو وەک بڵێی پارچەیەک ئاگرە و قوڕگم دەسووتێنێ. زۆر گوێم نەدایێ و تەنها حەپی هەوکردن و ئازارشکێنم بەکار دەهێنا. ئەوە بوو هەر شەوی جەژن بە ئۆتۆمبێلی خۆمان سەفەری عومرەم کرد؛ ئەو ١٠ ڕۆژەی لە عومرە بووم و تا هاتمەوە، ئازارم بە هیچ ئازارشکێنێک نەدەشکا.

کە هاتمەوە کوردستان، سەردانی چەندین دکتۆری باشم کرد. سەرەتا دکتۆر (ئەیوب باقر) خوا بیپارێزێت، دوو جار نازووری بۆ کردم و هیچ دەرنەکەوت. پاشان تیشکی CT SCANیان بۆ کردم؛ لێرەدا دکتۆرەکان هەستیان بە گرفتێک کرد لە لای ڕاستی قوڕگمدا دروست بووبێت. پاشان تیشکی سۆنەری (Neck Doppler ultrasound)یان بۆ کردم، کە زیاتر ئەم پشکنینە بۆ دەماری مل دەکرێت. دواجار پشکنینی MRIیان بۆ کردم؛ لەم پشکنینەدا دەرکەوت تووشی هەوکردنی کڕکڕاگە (Chondritis) و ئەستووربوون (Edema) بووم لە لای ڕاستی ئەو کڕکڕاگەیەی کە پێی دەوترێت "کڕکڕاگەی دەرەقی". ئەوەی تا ئێستا هەیە، ئەلحەمدولیللا نیشانەی خراپی وەک شێرپەنجە نییە.

دوای ئەوەی هەموو شتێک لە پشکنینەکاندا بەم جۆرە ڕوون بووەوە، دەستیان بە چارەسەر کرد. پێیان ڕاگەیاندم کە نابێت قسە بکەیت تا ئەو کاتەی باش دەبیت. من هەموو ڕێنماییەکانم بەجوانی جێبەجێ کرد؛ لە ئێستادا ئەلحەمدولیللا ئازارم کەمترە، بەڵام ناتوانم قسە بکەم و دەنگم بە حاڵ دەردێت. ئەمڕۆش لەسەر ڕاسپاردەی کاک دکتۆر عەبدولواحید و ستافەکەی، پشکنینێکی ترم بۆ دەکەن. چاوەڕێی ڕەحمی خوای گەورەم؛ ئەگەریش لێرە چارەسەر نەکرێم، پێشنیاری چەند دکتۆرێکیان بۆ کردووم لە (ئوردن) و (تورکیا). بەڵام من گومانی باشم بە "الله" هەیە کە ئەم ئازار و ناڕەحەتیی قسەنەکردنەم نەهێڵێت و شیفام بدات.

سوپاس و دەستخۆشی:

خوشکان و برایانم، بەخوا ئێستا کە دەنووسم بە چاوی پڕ لە فرمێسکەوە دەنووسم: سوپاسی گەورە و بچوکتان دەکەم کە لە خەمی مندا بوون. بەخوا من چاکەی ئێوەم پێ نادرێتەوە. سوپاس بۆ ئەوەی بە پۆستێک یان کۆمێنتێک بەشدار بووە لەم خەمەی مندا. دەستی ئەو پیر و بەتەمەنانە ماچ دەکەم کە بە فرمێسکەوە دەهاتن و دوعایان بۆ دەکردم.

سوپاس بۆ ئەو هەموو دکتۆر و نەخۆشخانانەی دەرگایان بۆ کردمەوە. بەخوا ناو و کەسایەتییەکان هێندە زۆرن، ناتوانم ناوی هەموویان بهێنم. سوپاسی گەورە و بچوکتان دەکەم، قوربانی هەمووتان بم. تخوا گەردنم ئازاد بکەن ئەگەر بچووکترین خەم و خەفەتتان بۆم خواردووە؛ ئێوە منتان قەرزاری خۆتان کرد، هەتا ئەو ڕۆژەی دەمرم خەمخۆریی ئێوەم لەبەرچاو دەبێت.

براتان: سۆران عبدالكريم
16/5/2026 سلێمانی

16 ئایار 2026 14:05
هەڵبژاردنەکانی پێشکەشکردن

بەیەکەوە جیاوازی دروست دەکەین

هەموو مافێکی پارێزراوە بۆ پایتەخت

© 2026