تۆم باراک: پێویستە هەموو گرووپە چەکدارەکانی سووریا بەزووترین کات چەکەکانیان دابنێن

هۆشدارییەکی بەپەلە دەدرێت گرووپە چەکدارەکانی سووریا
نێردەی تایبەتی سەرۆکی ئەمریکا هۆشدارییەی بەپەلە دەداتە گرووپە چەکدارەکانی سووریا و داوای ئاشتی و دیالۆگ دەکات
ئەمڕۆ یەکشەممە، تۆم باراک، نێردەی تایبەتی سەرۆکی ئەمریکا بۆ سووریا لە پێگەی فەرمی خۆی لە پلاتفۆڕمی ئێکس بڵاویکردەوە، هەڵگرتنی سزاکانی سەر سووریا لەلایەن دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا هەنگاوێکی باش بوو بۆ پێدانی بژاردەیەک بە خەڵکی سووریا تا بتوانن چەندین ساڵ ئازار و کارەسات تێبپڕێن.
لە درێژەی بڵاوکراوەکەیدا هاتووە، کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بە بەردەوامی، بە گەشبینییەوە چاودێری حکومەتی سووریای کردووە، بەڵام بەداخەوە لە ئێستادا ئەم گەشبینییە لێڵ بووە بەهۆی کردەوە دڕندانەکانی گرووپە چەکدارەکانی ئەو وڵاتە، کە توانای حکومەتی وڵاتەکە لاواز دەکەن و هەر شتێک کە سیمایەکی ئاسایشی پێوەدیار بێت پەکدەخەن.
ناوبراو دواجار جەخت دەکاتەوە، بۆیە دەبێت هەموو گرووپە چەکدارەکانی سووریا بەزووترین کات چەکەکانیان دابنێن، دوژمنایەتی بوەستێنن و کۆتایی بە تۆڵەسەندنەوەی خێڵەکی بهێنن، لە جیاتی ئەمانە دەبێت ئاشتی و دیالۆگ سەربخرێت.
جێی باسە دوێنێ شەممە، دوای دەستوەردانی ئیسرائیل لە ململانێی نێوان هێزەکانی حکومەتی سووریا و دروزەکان و هۆزەکانی بەدەوی لە پارێزگای سوەیدەی باشووری سووریا ئاگربەست ڕاگەیەندرا.