پەرلەمانی عێراق بۆ دەنگدان لەسەر کابینەی عەلی زەیدی کۆ دەبێتەوە
پەرلەمانی عێراق، وادەی کۆبوونەوەی بۆ دەنگدان بە کارنامەی حکومەت و کابینەکەی عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی راسپێردراو دیاری کرد.
ماوەی دیاریکراوی عەلی زەیدی بۆ پێکهێنانی حکومەت نزیک دەبێتەوە لە کاتژمێرەکانی کۆتایی و ئەمڕۆ بە فەرمی، وادەی دەنگدان لەسەر کابینەی عەلی زەیدی لە پەرلەمانی عێراق دیاریکرا.
پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاند، سبەی پێنج شەممە کاتژمێر 4:00ی ئێوارە، پەرلەمانی عێراق بۆ دەنگدان لەسەر کابینەی نوێی حکومەتی عێراق کۆ دەبێتەوە.
بەپێی زانیارییەکان، زۆربەی لایەنەکانی بەشدار لە کابینەی عەلی زەیدی، کاندیدەکانی خۆیان بۆ پۆستی وەزیر پێشکەش کردووە و هەندێک لە لایەنەکان، سێ کاندیدیان بۆ یەک پۆست دیاری کردووە و بەشێکیان تاوەکو ئێستا یەکلایی نەبووەتەوە.
تاوەکو دوێنێ سێ شەممە، ناکۆکی لە نێوان لایەنە شیعەکان و بە تایبەت نووری مالیکی و محەممەد شیاع سوودانی هەبوو لەسەر وەزارەتی نەوت، بەڵام ئێستا زانیارییەکان دەریدەخەن کە ئەو دوو سەرکردە شیعەیە نزیکن لە رێککەوتن.
هەرچی دەربارەی لایەنە کوردییەکان بێت، پارتی دوو وەزارەت و جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیرانی بەردەکەوێت و کاندیدەکانی دیاریکردووە، بەڵام تاوەکو ئێستا ئاشکرای نەکردووە، یەکێتیش دوو وەزارەت و ڕەنگە وەزارەتێکیش بە ڕەوتی هەڵوێست، یەکگرتوو و کۆمەڵ بدرێت، بەڵام تاوەکو ئێستا مسۆگەر نەبووە.
دیاریکردنی کاتی دەنگدان لەسەر کابینەی عەلی زەیدی لە کاتێکدایە، کە مەترسی هەبوو سەرۆکوەزیرانی ڕاسپێردراو نەتوانێت لە ماوەی دیاریکراو کابینەکەی دروست بکات و کاتی یاسایی لە بەردەم نەمێنێت، بەمەش دەبوایە لایەنە شیعەکان کەسێکی دیکە دیاری بکەن و دواتر سەرۆککۆماری ڕایسپێرێت.