کەی گوژمەی دووەمی مووچە دەنێردرێت؟
سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دارایی هەرێم وادەی گەیشتنی گوژمەیەکی دیکەی پارەی مووچەی مانگی چواری بۆ هەولێر ئاشکرا کرد.
دوای ئەوەی دوێنی یەکەم گوژمەی مووچەی مانگی نیسان نێردرا، چاوەڕوان دەکرێت ئەمڕۆ گوژمەی دووەم و کۆتایی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان بنێردرێت.
سەرچاوەیەکی ئاگادار لە وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان بە پایتەخت میدیای ڕاگەیاند، چاوەڕوان دەکرێت ئەمڕۆ گوژمەی دووەمی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان لە لایەن وەزارەتی دارایی عێراق بنێردرێت.
دوێنی وەکو یەکەم گوژمە، وەزارەتی دارایی فیدراڵ نزیکەی 664 ملیار دیناری خستە سەر هەژماری وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان و ئێستا، وەزارەتی دارایی هەرێم پێویستی بە نزیکەی 300 ملیار دیناری دیکەیە تاوەکو دابەشکردنی مووچە دەستپێبکات.
ئەو سەرچاوەیەی وەزارەتی دارایی هەرێم بە پایتەخت میدیای گوت: "ئامادەکاری تەواو کراوە و لەگەڵ گەیشتنی پارەکە، لیستی دابەشکردنی مووچە بڵاو دەکرێتەوە و چاوەڕوان دەکرێت، لە ماوەی سێ رۆژدا تەواوی مووچەخۆران مووچەکانیان وەرگرن."
حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ دابەشکردنی مووچەی، مانگانە پێویستی بە زیاتر لە 970 ملیار دینارە، بەڵام بەهۆی خانەنشینی و چەند گۆڕانکارییەکی دیکە، چەند مانگێکە پارەکە بە تەواوی نانێردرێت.
لە کاتێکدا کە مووچەی مانگی نیسان دابەش دەکرێت، جەمال کۆچەر، ئەندامی پەرلەمانی عێراق لەسەر فراکسیۆنی یەکگرتوو رایگەیاند، هەوڵ هەیە بۆ ئەوەی فشار دروست بکرێت و پێش جەژنی قوربان، دابەشکردنی مووچەی مانگی ئایاریش دابەش بکرێت، چونکە کاتی دابەشکردنی مووچە هاوکاتە لەگەڵ جەژنی قوربان و ئەگەر بێتوو پێشتر دابەش نەکرێت، ئەوا بەهۆی پشووەکان دەکەوێتە مانگی حوزەیران.
پایتەخت زانیویەتی، لە کاتێکدا گوژمەی یەکەمی پارەی مووچە گەیشتووە، بانکەکانی بەشدار لە هەژماری من، ئامادەکاری خۆیان دەستپێکردووە تاوەکو ئامێرەکانی پارە ڕاکێشان پڕ بکەنەوە لە پارە، تاوەکو لەگەڵ راگەیاندنی لیستی مووچە، ڕاستەوخۆ پارەی مووچەی مووچەخۆران بگوازنەوە سەر هەژماری مووچەخۆران.