بارسێلۆنا دەتوانێت نازناوەکە بەرز بکاتەوە ئەگەر بەسەر ریال مەدرید سەرکەوێت؟
بارسێلۆنا لە یاریی کلاسیکۆ و شەوی نوسینەوە مێژوو، میوانداری ریال مەدرید دەکات
ئەمشەو لە گەڕی 35 لالیگا، بارسێلۆنا لە یاریی کلاسیکۆ و شەوی نوسینەوە مێژوو، میوانداری ریال مەدرید دەکات و دەیەوێت بە بردنەوە لەسەر ئەستۆی یانە مەدریدییەکە، ببێتە پاڵەوانی لالیگا.
بارسێلۆنا بۆ ئەوەی ببێتە پاڵەوانی ئەم وەرزەی لالیگا، لە کۆی چوار یاریی داهاتوو، تەنها پێویستە بە سێ خاڵە، بۆیە بەبردنەوە لە ریال مەدرید، ڕاستەوخۆ و بە فەرمی دەبێتە پاڵەوانی وەرزی 2025-2026، بەڵام پرسیاری هاندەران لە تەواوی جیهان ئەوەیە، ئایا ئەگەر بارسێلۆنا بەسەر ریال مەدرید سەرکەوت، دەتوانێت هەر ئەمشەو نازناوەکە بەرز بکاتەوە یان دەبێت تاوەکو کۆتایی وەرز چاوەڕوان بکات؟
رۆژنامەی مۆندۆدیپۆرتیڤۆی کەتەلۆنی هەواڵێکی لەم بارەیەوە بڵاوکردووەتەوە و ئاماژەی بەوەکردووە، بارسێلۆنا دەتوانێت دوای یارییەکە نازناوی ئەم وەرزەی لالیگا بەرز بکاتەوە ئەگەر توانی بەسەر ریال مەدرید سەرکەوێت و بۆ ئەم کاتەش، فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئیسپانیا مۆڵەتی داوە و ئامادەکاری تەواو دەکرێت.
ریال مەدرید، ئامانجی یەکەمی لەم یارییە ڕاگرتنی بارسێلۆنا، تاوەکو بارسا نەتوانێت لەسەر ئەستۆی ئەوان نازناوەکە بەرز بکاتەوە.
لە چەند رۆژی ڕابردوو دا، میدیاکانی نزیک لە ریال مەدرید و چەندین یاریزانی پێشووی ئەو یانەیە، لەسەر ئەم بابەتە قسەیان کردووە و پشتیوانی خۆیان بۆ یاریزانەکانی ریال مەدرید دووپاتکردووەتەوە، بۆ ئەوەی بتوانن بارسێلۆنا ڕابگرن.
ئەرکی ریال مەدرید بۆ ئەم یارییە ئاسان نابێت، چونکە بەبێ چەندین ئەستێرەی دیار رووبەڕووی بارسێلۆنا دەبێتەوە، لەوانە کیلیان مباپێ، ڤالڤێردی، مێڵتاو، مێندی، ئاردا گولێر، رۆدریگۆ، کارڤاخاڵ و سیبایۆس.
بارسێلۆنا بۆ ئەوەی ئەمشەو نازناوەکە بەرز بکاتەوە، بە تەواوی خۆی ئامادەکردووە و جگەلە کریستیانسن و لامین یامالی ئەستێرەی لاو و دیاریی یانەکە، تەواوی یاریزانەکانی دیکە ئامادە دەبن.