کلاسیکۆی پارێزگاری لە شکۆ و مێژوو نوسینەوە
ئەو یارییە ئاگرینییەی هەمووان چاوەڕوانی بوون، ئەمشەو بەڕێوەدەچێت و بارسێلۆنا دەیەێت بەبردنەوەی لە ریال مەدرید، ببێتە پاڵەوانی وەرزی 2025-2026ـی لالیگا.
ئەمشەو لە تەواوی جیهان چاوەکان دەچنە سەر یاریگا سپۆتیفا کامپ نوو لە شاری بارسێلۆنای هەرێمی کەتەلۆنیا بۆ بینینی یاریی لووتکەی نێوان بارسێلۆنا و ریال مەدرید.
وابڕیارە ئەمشەو کاتژمێر 10:00 بە کاتی باشووری هەرێمی کوردستان، بارسێلۆنا لە گەڕی 35 لالیگا میوانداری ریال مەدرید بکات و یانە کەتەلۆنییەکە، دەیەوێت لەسەر ئەستۆی رکابەرە مێژووییەکەی، ببێتە پاڵەوانی ئەم وەرزەی لالیگا.
کلاسیکۆ ئەمجارە تەواو جیاوازە، چونکە بارسێلۆنا دەیەوێت بە بردنەوە لە ریال مەدرید و کۆکردنەوەی تەنها سێ خاڵی دیکە، بە فەرمی ببێتە پاڵەوانی وەرزی 2025-2026ـی لالیگا، لە کاتێکدا ریال مەدرید هەموو هەوڵەکانی بۆ ئەوە دەبێت رێگری سەرکەوتن لە بارسێلۆنا بکات، چونکە نایەوێت مێژوو ئەم ساتە تۆمار بکات.
ریال مەدرید لە کاتێدا رووبەڕووی بارسێلۆنا دەبێتەوە کە بە 11 خاڵ لە دواوەی یانە کەتەلۆنییەکەی و بارسێلۆنایە بۆ ئەوەی بە فەرمی ببێتە پاڵەوانی ئەم وەرزە، تەنها سێ خاڵی پێویستە، لە کاتێدا بە یاریی کلاسیکۆوە چوار گەڕ لە لالیگا ماوە.
شەڕی میدیایی بارسێلۆنا و ریال مەدرید چەندین رۆژە دەستیپێکردووە، یاریزانانی پێشووی هەردوو یانە و لایەنگرانیان بەردەوام قسە لەسەر یارییەکە دەکەن و باسی ئەم کاتە مێژووییە دەکەن.
ئیکەر کاسیاس، گۆڵپارێزی پێشووتری ریال مەدرید لەبارەی یاریی کلاسیکۆ و ئەنجامەکان گوتی: "ئەگەر ریال مەدرید نەیتوانی بارسێلۆنا ڕابگرێت و یانە کەتەلۆنییەکە بووە پاڵەوان، باشترین کار کە یاریزانانی ریال مەدرید بتوانن بیکەن، ڕاکردنە بۆ دەرەوە یاریگا، ئەگەرنا یاریزانەکان و هاندەرانی بارسێلۆنا لە بەردەمیان ئاهەنگ دەگێڕن."
رۆژنامەی مۆندۆدیپۆرتیڤۆی ئیسپانیا لە هەواڵێکیدا ئاماژەی بەوەکردووە، ئەگەر بارسێلۆنا بتوانێت بەسەر ریال مەدرید سەرکەوێت، ڕاستەوخۆ دەتوانێت دوای یارییەکە نازناوی ئەم وەرزەی لالیگا بەدەستبهێنێت.
دوای نیوەرۆی ئەمڕۆ و پێش یارییەکە، باوکی هانز فلیکی راهێنەری بارسێلۆنا گیانی لەدەستدا، بەڵام میدیاکانی کەتەلۆنیا ڕایانگەیاند، فلیک ناگەڕێتەوە ئەڵمانیا و دەیەوێت ئامادەی یارییەکە بێت تاوەکو سەرپەرشتی یانەکەی دەکات.
ریال مەدرید بەبێ چەندین ئەستێرەی دیاریی یانەکەی رووبەڕووی بارسێلۆنا دەبێتەوە، لەوانە کیلیان مباپێ، ڤالڤێردی، مێڵتاو، مێندی، ئاردا گولێر، رۆدریگۆ، کارڤاخاڵ و سیبایۆس. هەرچی لەبارەی بارسێلۆناوە بێت، یانە کەتەلۆنییەکە بۆ ئەم یارییە لە تواناکانی کریستیانسن و لامین یامالی ئەستێرەی لاو و دیاریی یانەکە بێبەش دەبێت.