تورکیاش سۆشیاڵ میدیا لە منداڵانی خوار 15 ساڵ قەدەغە دەکات
وردە وردە وڵاتان تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لە منداڵانی هەرزەکار قەدەغە دەکەن.
لە هەنگاوێکی نوێدا و بەمەبەستی پاراستنی منداڵان لە زیانەکانی بەکارهێنانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، تورکیا یاساییەکی نوێی دەرکرد.
ئاژانسی هەواڵی ئەنادۆڵ ڕایگەیاند، دوێنێ شەو پەرلەمانی تورکیا یاسایی قەدەغەکردنی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی بۆ منداڵانی خوار تەمەن 15 ساڵان دەرکرد. بەگوێرەی ئەم یاسایە، کەسانی خوار تەمەن 15 ساڵان ناتوانن هەژماری تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بکەنەوە، پلاتفۆرە ئۆنڵاینەکانیش دەبێت سیستەمی پشتڕاستکردنەوەی تەمەن جێبەجێ بکەن.
هاوکات دایک و باوکان دەسەڵاتی تەواویان بەسەر "کاتی بەکارهێنان"ـی پلاتفۆڕمەکان دەبێت. لە کاتی "حاڵەتی لەناکاویش"، وەک بڵاوبوونەوەی بابەتی زیانبەخش، پلاتۆرمەکان دەبێت لە ماوەی کاتژمێرێکدا دەستوەردان بکەن. وا بڕیارە بڕیارەکە دوای شەش مانگ لە بڵاوبوونەوەی بچێتە بواری جێبەجێکردنەوە.
لە ئێستادا چەندین وڵاتی ئەوروپا دیبەیتی قەدەغەکردنی تۆڕە کۆەڵایەتییەکان لە منداڵانی هەرزەکار دەکەن. هەفتەی ڕابردوو ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا بەر لە کۆبوونەوەیەک لەگەڵ هەماهەنگی ئەوروپا لەسەر قەدەغەکردنی تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان داوای دانانی ڕۆژێک لە هەرمانگێک "بێ ئینتەرنێت" کرد، وەک ڕێگەیەک بۆ دۆزینەوەی خوێندنەوە، وەرزش و چالاکییە زیندووەکانی ژیان.
پار ساڵ ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئوسترالیا وەک یەکەم وڵات ڕەشنووسی یاسایەکی پەسەند کرد، کە منداڵانی خوار تەمەنی 16 ساڵ لە بەکارهێنانی سۆشیال میدیا قەدەغە دەکات، پاشان ئەنجوومەنی پیرانیش ئەم یاسایەی پەسەند کرد و ئێستا کەوتووەتە باری جێبەجێکردنەوە.