پایتەخت

لە “مان و مردنمان بەیەکەوەیە” تا دەنگی جاشان، کێ نیشتمان دەفرۆشێت لە کاتی تاقیکردنەوە؟

لە “مان و مردنمان بەیەکەوەیە” تا دەنگی جاشان، کێ نیشتمان دەفرۆشێت لە کاتی تاقیکردنەوە؟
کورتە

لە کاتێکدا کوردستان لەسەر لێواری ئاگری جەنگی ناوچەییە، پەیامەکە دەبێت ببێتە یەک و ڕوون بێت بۆ پاراستنی خەڵک و بێ‌لایەنی

وتاری ڕۆژنامەنووس پیرباڵ یاسین:

لە “مان و مردنمان بەیەکەوەیە” تا دەنگی جاشان، کێ نیشتمان دەفرۆشێت لە کاتی تاقیکردنەوە؟

 

لە کاتێکدا کوردستان لەسەر لێواری ئاگری جەنگی ناوچەییە، پەیامەکە دەبێت ببێتە یەک و ڕوون بێت بۆ پاراستنی خەڵک و بێ‌لایەنی. کاتێک سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی دەڵێت “مان و مردنمان بەیەکەوەیە”، ئەمە نەک تەنها بانگەوازێکی سیاسییە، بەڵکو هۆشیارکردنەوەیەکە بۆ ئەو مەترسییەی کە هەمووانی دەگرێتەوە. بەڵام لە هەمان کاتدا، دەنگێکی تر دەهێنرێتە گۆڕەپان ئەویش دەنگی جاشان.

 

ئەوانەی کە خۆیان بە ناوی ئۆپۆزسیۆن و ڕۆژنامەنووس دەناسێنن، بە شێوەیەکی بێشەرم ڕوو لە دەرەوە دەکەن و هاوسۆزی بۆ مردنی خامنەیی و ئێران دەردەبڕن،  خەڵکی کورد بانگهێشت دەکەن تا ببێتە پشتیوان هێزێک کە مێژووی پڕە لە فشار و کوشتنی دەنگی جیاواز.


 ئەمە جیاوازیی ڕای سیاسی نییە ئەمە خیانەتە بە ئاشکرا.

 

جاشی سیاسی ئەو کەسەیە کە لە کاتی مەترسیدا، سەرەڕای ئەوەی لەگەڵ گەل دەوەستێت، دەچێتە لاپەڕەی ئەوانی دیکەش. 

 

ئەوەی ترسناکە ئەوەیە کە ئەم جاشانە بە ماسکی ڕەخنە و ئازادی قسەی خۆیان دەپۆشن. بەڵام ئەم ماسکە زۆر کەم دەتوانێت ڕاستی بشارێتەوە کە پشتگیری لە سیاسەتی دەرەکی و هەوڵدان بۆ ڕاکێشانی کورد بۆ ناو ئاگری جەنگی ئەوانی تر دەکات.

 

کاتێک کەسێک خەڵک بانگ دەکات بۆ هاوسۆزی لەگەڵ هێزێکی دەرەکی، دەبێت پرسیارێکی سادە لێی بکرێت، ئایا لە سوودی کێیە؟ ئایا ئەمە خزمەتی کورد دەکات یان خزمەتی ئەو هێزە دەکات کە دەیەوێت کورد ببێتە سەنگەرێکی بەکارهێنراو؟

 

ئەمڕۆ بێ‌لایەنی نیشانەی ترس نییە بەڵکو بەهێزییە. 


بەڵام ئەوانەی دژ بە بێ‌لایەنی دەوەستن، بە شێوەیەکی ئاشکرا هەوڵ دەدەن کورد بکەنە ئامراز.


 ئەوەی جێی سەرنجە ئەوەیە کە هەمان ئەو لایەن و کەسانە، کاتێک کورد زیانی پێدەگات ، دەبنە یەکەم کەس بۆ تاوانبارکردنی هەر شتێک جگە لە خۆیان.


هیچ وشەیەک ناتوانێت ئەم ڕەفتارە بشارێتەوە چونکە ئەمە فرۆشتنی ویژدانە، فرۆشتنی نیشتمانە.


 مێژوو زۆر جار ئەم جۆرە کەسانەی ناسیوە ئەوانەی کە لە کاتی تاقیکردنەوەدا، ڕووی ڕاستەقینەیان دەرکەوتووە.

 

لە کۆتاییدا، کاتێک دەڵێین “مان و مردنمان بەیەکەوەیە”، ئەمە تاقیکردنەوەیەکە بۆ هەمووان و بۆ حکومەت، بۆ ئۆپۆزسیۆن، بۆ میدیا.


 هەر کەسێک کە لەم کاتەدا هەوڵبدات کورد بگۆڕێت بۆ پیاوەچاکی کەسانی تر، دەبێت بزانێت ماسکەکەی کەوتووە.

 

پیرباڵ یاسین
ڕۆژنامەنووس

17 ئازار 2026 21:59
هەڵبژاردنەکانی پێشکەشکردن

بەیەکەوە جیاوازی دروست دەکەین

هەموو مافێکی پارێزراوە بۆ پایتەخت

© 2026