پایتەخت

ئەم کچە کوردە پۆستێکی باڵای لە نەتەوە یەکگرتووەکان وەرگرت

ئەم کچە کوردە پۆستێکی باڵای لە نەتەوە یەکگرتووەکان وەرگرت
رێژین گەردی لەگەڵ د. بەرهەم ساڵح
کورتە

لە کەمپی پەنابەرانەوە بۆ لووتکەی نەتەوە یەکگرتووەکان؛ کچە کوردێکی باشووری کوردستان پۆستێکی نێودەوڵەتی وەردەگرێت

چیرۆکی سەرکەوتنەکانی کچە کوردەکان لە ئاستی نێودەوڵەتیدا بەردەوامییان هەیە، ئەمجارەیان "رێژین گەردی" یاساناس و چالاکوانی ناسراوی کورد لەسەر ئاستی جیهان، هەنگاوێکی نوێ و ستراتیژی لە کاروانی پیشەیی خۆیدا دەسپێدەکات و دەبێتە بەشێک لە تیمی باڵای بڕیاردان لە نەتەوە یەکگرتووەکان.

ئەمڕۆ پێگەی فەرمی نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ کاروباری پەنابەران، رێژین گەردی بە فەرمی وەکو یاریدەدەری تایبەتی دکتۆر بەرهەم ساڵح، کۆمسیاری باڵای نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری پەنابەران و ئاوارەکان ناساند. ئەم پۆستە لە کاتێک دایە کە رێژین پێشتر ئەزموونێکی دەوڵەمەندی لە بواری یاسای نێودەوڵەتی و پاراستنی مافی پەنابەران و قوربانیانی جەنگدا هەبووە.

رێژین گەردی نموونەی ئیرادەی کچانی کوردە، ئەو دوای ئاوارەبوونی خێزانەکەی لە باشوور و ڕۆژهەڵاتی کوردستانەوە بەهۆی جەنگ، لە ساڵی 1991 لە کەمپێکی پەنابەران لە وڵاتی پاکستان لەدایکبووە، لە رێگەی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە وەکو پەنابەر خێزانەکەی چوونەتە نیوزڵاند و لەوێ گەورە بووە.

رێژین گەردی، لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی بە رێز گەردی دەناسرێت، ئەو لە نیوزڵاند یەکەم هەنگاوی خوێندنی دەستپێکرد، تا توانی بگاتە زانکۆی هارڤارد و بووە یەکەم کورد بڕوانامەی ماستەر لە یاسا لەو زانکۆ ئەمریکییە بەدەستبهێنێت، کە بە یەکێک لە بەناوبانگترین و سەختترین زانکۆکانی جیهان دادەنرێت.

رێژین گەردی تەنها ناوێکی ناو لاپەڕەکانی ئەکادیمیا نییە، بەڵکو لە مەیدانیشدا پارێزەرێکی سەرسەختی مافەکانی مرۆڤ بووە. ئەو لە ماوەی چەند ساڵی رابڕدوودا کارێکی زۆری لەسەر دۆسیەی جینۆسایدی کوردانی ئێزدی کردووە و لە دادگا نێودەوڵەتییەکاندا، بەڵگەی لە دژی رێکخراوی تیرۆرستی داعش کۆکردووەتەوە.

ئەم کچە کوردە، وەک دامەزرێنەری ڕێکخراوی "Empower" هاوکارییەکی زۆری گەنجانی پەنابەری کردووە بۆ گەیشتن بە خوێندن و بە ئاواتەکانیان.

رێژین کە خۆی قوربانیی ئاوارەیی بووە، ئێستا لە ناو جەرگەی بڕیارەکانی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە کار دەکات بۆ ئەوەی رێگری لە چەوسانەوەی مرۆڤەکان بکات و ئەم سەرکەوتنەی رێژین گەردی، پەیامێکی روونە بۆ جیهان، کە گەنجی کورد سەرەڕای هەموو ئاستەنگ و ئاوارەییەک، دەتوانێت بگاتە بەرزترین ناوەندە بڕیاربەدەستەکانی جیهان و ببێتە پارێزەری مافە ڕەواکانی مرۆڤایەتی.

17 ئازار 2026 12:49
هەڵبژاردنەکانی پێشکەشکردن

بەیەکەوە جیاوازی دروست دەکەین

هەموو مافێکی پارێزراوە بۆ پایتەخت

© 2026