بازرگانانی جەنگ؛ ئەو چاوچنۆکانەی نانی خەڵک دەکەنە سووتەمەنی گیرفانیان
تاقمێک بازرگانی چاوچنۆک دەستیان خستووەتە بینەقاقای هەژاران و نرخی کاڵاکان بەرز دەکەنەوە
بازرگانانی جەنگ؛ ئەو چاوچنۆکانەی نانی خەڵک دەکەنە سووتەمەنی گیرفانیان
لەکاتێکدا خەڵک لە دڵەڕاوکێی شەڕ و ئاییندەدا دەژین، تاقمێک بازرگانی چاوچنۆک دەستیان خستووەتە بینەقاقای هەژاران و نرخی کاڵاکان بەرز دەکەنەوە و بە دڵی خۆیان یاریی پێ دەکەن.
ئەم بازرگانە ڕۆح برسییانە، جەنگ وەک هەلێک دەبینن بۆ پڕکردنی گیرفانەکانیان لەسەر حیسابی برسیبوونی منداڵانی ئەم وڵاتە. ئەمە نەک هەر بازرگانی نییە، بەڵکو نزمترین ئاستی بێویژدانییە کە مرۆڤ تێی بکەوێت.
گرانکردنی نان و خۆراک لە کاتی تەنگانەدا، جۆرێکی ترە لە تیرۆر، بەڵام تیرۆری ویژدانی. ئەو کەسانەی بێشەرمانە یاری بە نرخی پێداویستییەکان دەکەن، دەیسەلمێنن کە هیچ بەهایەکی مرۆیی و ئایینی لە لای ئەوان بوونی نییە. ئەوان دەیانەوێت لەسەر ئازار و ترسی خەڵک، گیرفانیان پڕ بکەن و کۆشکەکانیان بونیاد بنێن، بەڵام نازانن کە ئەو پارەیەی لە قوڕگی هەژاران دەردەهێنرێت، تەنها شەرمەزاریی تێدایە.
بازرگانەکان دەبێت بزانن کە مێژوو ناوی ئەوان بە ڕەشی دەنووسێتەوە کە لە ڕۆژە سەختەکاندا پشت لە میللەتەکەیان دەکەن و گیرفانی خۆیان لا گرینگترە. ئەوان باش دەزانن ئەو سەرمایەیەی بۆنی خوێن و فرمێسکی لێ دێت و هیچ بەرەکەتێکی تێدا نابێت.
ئێستا کاتی ئەوە هاتووە لایەنە پەیوەنیدارەکان، چیتر ڕێگە نەدەن "بازرگانانی جەنگ" یاری بە ژیان و بژێوی خەڵک بکەن و پێویستە هەمووان بەیەکدەنگ، ڕووبەڕووی ئەم چاوچنۆکییە ببنەوە.