پایتەخت

چۆن سلێمانیی کراوەتە مۆڵگەی تیرۆریی فیکریی و ئیرهابیی ئاینیی؟

چۆن سلێمانیی کراوەتە مۆڵگەی تیرۆریی فیکریی و ئیرهابیی ئاینیی؟
کورتە

رابوون مەعروف، باسی جیاوازی هەولێر و سلێمانی دەکات

سلێمانیی کراوەتە مۆڵگەی تیرۆریی فیکریی و ئیرهابیی ئاینیی

 

نووسینی؛ ڕابوون مەعروف، سیاسیی و ئەندامی پێشووی پەرلەمانی عێراق

 

ساڵانی نەوەتەکانی سەدەی پێشوو، لە گەرمەی جەنگی ناوخۆ، هەولێر شارێکی هیلاک و شەکەت و ماندو بوو. لە ڕووی کۆمەڵایەتی و شێوازی ژیانەوە، پارێزگار و جۆرێک داخراو بوو. ئیسلامیە توندڕەوەکان، ئەو شارەیان کردبووە مۆڵگە و لەوێوە ئایدیای توندڕەوی و تیرۆریان بە کوردستاندا بڵاودەکردەوە. چەندان کەس “مامۆستای زانکۆ، ئەکتیڤیستی چەپ، مژدەبەریی مەسیحی و .. هتد” لەسەر ڕا و بۆچوون تیرۆر کران. 

من ئەو سەردەم ئەکتیڤیست و قوتابی زانکۆ بووم. ئێمەمانان قەلەقی ئەوە بووین، هەولێر بگۆڕێت بۆ شوێنێکی وەك کابووڵ. زنجیرەیەک چالاکی و خۆپیشاندانمان کرد، کە ناونیشانی سەرەکی ئەمە بوو: هەولێر مەکەن بە کابووڵ، کوردستان مەکەن بە ئەفغانستان. 

لە یەکێك لە خۆپیشاندانەکان، ئاسایشی یەکێتی، لەسەر ئەوەی خۆپیشاندانمان کرد کە کوردستان نەبێت بە ئەفغانستان، دەستگیریان کردم و ١٧ رۆژ لە زیندانی ئاسایش زیندانیان کردم. 

ئەو سەردەم، سلێمانیی سەرچاوەی ئومێد و گەشبینیی بوو. بە پێچەوانەی هەولێرەوە، سلێمانی شارێکی کراوەتر و لەخۆگرتر بوو. لە هەموو عێراق و کوردستان و ناوچەکە، سلێمانی بەوە بە ناوبانگ بوو، کە شارێکی سرک و کراوە و شارستانی ئەو تۆیە، کە دەتوانێت ببێت بە داینەمۆی گۆڕانکاریی مەزن و سەرمەشقی بردنی کوردستان بەرەو شارستانێتی مۆدێرن و هاوچەرخ. 

جێگەی داخە، لە پرۆسەیەکی لەسەر خۆ، لەبری ئەوەی هەولێر و سلێمانی و هەموو کوردستان، پێکەوە، هەڵکشێن بەرەو شێوازیی ژیان و بەهاکانی جیهانی مۆدێرن، بە پێچەوانەوە، سلێمانیی و هەولێر جێگەیان گۆڕییەوە! ئیتر سلێمانیی کراوەتە مۆڵگەی تیرۆریی فیکریی و ئیرهابیی ئاینیی. ئەو ئیرهاب و تیرۆرە فیکریەی لە سلێمانیی رێگەی پێدەدرێت و پشتیوانیی دەکرێت و پارێزگاریی لێدەکرێت، تەنانەت لە ئەفغانستانیش رێگەپێدراو نییە. تەنها دیقەت بدەن، لە ئەفغانستان، کە دواکەوتووترین وڵاتی جیهانە، حکومەتەکەی بزوتنەوەی تاڵیبان، بۆ رێگریی لە فەوزا و پشێویی ئاینیی، کتێبی (كتاب التوحيد) ی “محمد بن عبدالوهاب” ی قەدەغە کردووە، بەڵام ئەو کتێبە ترسناکە کە پڕە لە لوغم و تیرۆر و رق و کیراهیەت، لە سلێمانی وەك کۆرس و وانە و بە ڤیدیۆ و لە مزگەوتەکان دەوترێتەوە. 

وڵات و شارەکان، بەرهەمی روئیا و ئاسۆی سیاسیین. پێناچێت، حاکم و دەسەڵاتدارانی سلێمانیی هیچ دیدەگایەکیان هەبێت و خۆیان و شار و وڵاتیان داوەتە دەست قەدەر. نابێت، هیچیتر ناوچەگەرێتی و شارچێتی و حیزبگەرایی، بێدەنگی و پشتگوێخستن زاڵ بکات، چونکە ئیتر لە سلێمانیەوە، تیرۆر و توندڕەوی نەك هەر بە سەرتاسەری کوردستان دا بڵاودەکرێتەوە، بەڵکو کاریگەریی خراپی کردووەتە سەر بڵاوکردنەوەی تیرۆر و توندڕەوی لە ناو رەوەندی کوردی لە دەرەوەی وڵات. 

کورد و کوردستان، شایستەی حوکمڕانیی و شێوازی ژیانی شارستانیی و مۆدێرنن، ئەمڕۆ فریای سلێمانیی و کوردستان نەکەون، سبەی درەنگ دەبێت! (لِّقَوْمٍ يَعْقِلُونَ).

07 شوبات 2026 18:42
هەڵبژاردنەکانی پێشکەشکردن

بەیەکەوە جیاوازی دروست دەکەین

هەموو مافێکی پارێزراوە بۆ پایتەخت

© 2026