ئیسماعیل هونەرلیجە: کورد کافرن و دەبێت هەموویان بکوژرێن
مەلایەکی دیاری تورکیا، داوای قڕکردنی کوردانی باکووری کوردستان دەکات.
لە دژی خۆپیشاندانەکانی کوردانی باکووری کوردستان، مەلایەکی تورک بە ئاشكرا فەتوای کوشتنی کورد دەردەکات و سەندیکای پارێزەرانی ئامەدی باکووری کوردستانیش سکاڵای لە دژی تۆمار دەکەن.
چەند رۆژێکە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان ڤیدیۆی ئیسماعیل هونەرلیجە، یەکێکە لە مەلا دیارەکانی شاری ئیستەنبووڵ لە تورکیا، بڵاوبووەتەوە و تێیدا فەتوای کوشتنی ئەو هاووڵاتییانە دەدات، لە شارەکانی باکووری کوردستان و تورکیا دژی هێرشەکانی سەر رۆژئاوای کوردستان ناڕەزایەتی دەردەبڕن.
لە گرتە ڤیدیۆیەکەدا ئیسماعیل هونەرلیجە دەڵێت: "با سەربازەکانم دەستیان تووند بکەن، با بە زیندوویی نەیانهێڵنەوە. با فەرمانی کوشتن بدەن و هەموویان بکوژن. من دەڵێم فەرمانی کوشتنیان بدەن، ئیدی بەسە. لێبدە سەربازم لێبدە؛ خودا ئازایەتیتان دژی کافرەکان زیاتر بکات. با رەگیان بقڕێندرێت."
لە بەرامبەر فەتوای قڕکردنی کورد، تاوەکو ئێستا سەرۆکایەتیی کاروباری ئایینیی تورکیا هیچ روونکردنەوەیەکی بڵاونەکردووەتەوە.
لەلایەکی دیکەوە، سەندیکای پارێزەرانی ئامەد ڕایگەیاندووە، ئەو مەلایە بە ئاشکرا بانگەوازە بۆ تووندوتیژی و هاندانە بۆ ئەنجامدانی تاوان. سەبارەت بەم گوتارە مەترسیدار و ورووژێنەرانە رێکاری یاسایی پێویست گیراوەتەبەر و سکاڵای یاسایی لەسەر ئەو مەلایە تۆمار کراوە.