نەتەوە یەکگرتووەکان: لە هەر 10 خولەکێک ژنێک بە دەستی کەسێکی نزیکی خۆی دەکوژرێت
نەتەوە یەکگرتووەکان ژمارەیەکی ترسناک لە دیاردەی توندوتیژی دژ بە ئافرەتان ئاشكرا دەکات و بەرامبەر بە ساڵانی ڕابردوو ڕێژەکە کەم نەبووەتەوە.
ئاماری حاڵەتی کوشتنی ژنان لە جیهان بڵاوکرایەوە و نەتەوە یەگرتووەکان دڵگرانەوە لە کەم نەبوونەوەی حاڵەتی توندوتیژی بەرامبەریان.
پێگەی فەرمی نەتەوە یەکگرتووەکان ڕایگەیاند، ساڵی ڕابردوو 83 هەزار ژن و کچ لە هەموو جیهان کوژراون، لەو ژمارەیە 60%، واتە 50 هەزاریان بە دەستی کەسانی نزیک خۆیان، وەک هاوژین، خۆشەویست و کەسوکاریان کوژران، کە دەکاتە 137 ئافرەت لە ڕۆژێکدا و یەک ئافرەت لە هەر 10 خولەکێکدا.
بە گوێرەی داتاکان، بەشی هەرە زۆری حاڵەتی کوشتنی کچ و ژن لە ئەفریقا ڕوویداوە، 22 هەزار حاڵەتی کوشتن بووە، هاوکات دوو ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان کە ئەم داتایانەیان بڵاوکردووەتەوە، "نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ ئافرەتان" و "ئۆفیسی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ ماددە هۆشبەرەکان و تاوان"، دڵگرانی خۆیان دەردەبڕن کە سەرەڕای هەوڵی بەردەوام بۆ کەمکردنەوەی دیاردەی توندوتیژی بەرامبەر بە ئافرەتان، داتاکان دەریدەخەن ژمارەی کوشتنی ئافرەت لە جیهان بەراورد بە ساڵانی ڕابردوو جیاوازییەکی ئەوتۆی نییە و ڕێژەکە کەم نەبووەتەوە.