سبەی 16 هەزار پارچە زەوی دابەش دەکرێت
لە سنووری 3 سەرۆکایەتیی شارەوانی هەولێر 16 هەزار پارچە زەوی دابەش دەکرێت
سبەی لەگەڵ بەڕێوەچوونی دەنگدانی تایبەت بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق، لە سنووری 3 سەرۆکایەتیی شارەوانی هەولێر 16 هەزار پارچە زەوی دابەش دەکرێت.
ئەمڕۆ شەممە مەریوان حاکم هادی، بەڕێوەبەری گشتیی شارەوانییەکانی هەولێر بە پایتەخت میدیای ڕاگەیاند، سبەی نزیکەی 16 هەزار پارچە زەویی لە سنووری 3 سەرۆکایەتیی ( کەسنەزان، دارەتوو، بنەسڵاوە) بەسەر فەرمانبەرانی سەربازی مەدەنی و خانەنشینی دابەش دەکرێت، ئەو دەنگۆیەی کە 5 هەزار پارچە زەوییە دوورە لە راستییەوە.
بەگووتەی مەریوان حاکم هادی، لە کۆی 16 هەزار پارچە زەوی بە نزیکەیی 5 هەزار و 119 پارچە زەوی لە سنووری شارەوانی بنەسڵاوەیە، 4 هەزار پارچە زەوی لە شارەوانی دارەتوو و 4 هەزار و 380 پارچە زەوی لە شارەوانی کەسنەزانە.
بەڕێوەبەری گشتیی شارەوانییەکانی هەولێر ڕاشیگەیاند، هەموو پارەچە زەوییەکان بە بەهان و لە سنووری شارەوانی دارەتوو لە 8 زۆنی جیاواز زەوی دابەش دەکەن، کە نرخی هەر پارچە زەوییەک کەمترینی 3 دەفتەر دۆلارە و بەرزترینیان 7 دەفتەر دۆلارە.
لیوا عوسمان محەممەد، بەڕێوەبەری گشتیی ڕاگەیاندن و هۆشیاری وەزارەتی پێشمەرگە بە پایتەخت میدیای ڕاگەیاند، لەو 16 هەزار پارچە زەویی کە سبەی دابەش دەکرێت، هێزەکانی پێشمەرگەش سوودمەند دەبن.