لە ژیانی هەریەکێکماندا چرکەیەک هەیە کە لێی پەشیمانین
چیرۆکی پیاوێک کە لەگەڵ گرانبەهاترین پەشیمانیی مێژوویی خۆیدا دەژی
لە ژیانی هەریەکێکماندا، چرکەیەک هەیە کە لێی پەشیمانین و دەمانەوێت بیگەڕێنینەوە، چرکەیەک کە دەبێتە چیرۆکێک و لەناو دڵماندا دەچەقێت، چیرۆکی هەڵەیەک کە ئەوەندە گەورەیە، دەبێتە هاوڕێی هەموو تەمەنمان.
ئەمڕۆ، من چیرۆکی پیاوێکتان بۆ دەگێڕمەوە کە لەگەڵ گرانبەهاترین پەشیمانیی مێژوویی خۆیدا دەژی، چیرۆکی "جەیمس هاوڵێس".
جەیمس، لە ساڵی ٢٠١٣ گەنجێکی ئاسایی بوو، رۆژێکیان خەریکی پاککردنەوەی ژوورەکەی بوو، لە بەردەمیدا، دوو هارد درایڤی ڕەشی لێکچوو هەبوون. یەکێکیان بەتاڵ بوو و ئەوەی تریان ٨ هەزار بیتکۆینی تێدا بوو. ئەو کاتە بیتکۆین تەنها ژمارە بوو و هیچ بەهایەکی ئەوتۆی نەبوو، بەڵام ئێستا ئەو ٨ هەزار بیتکۆینە، سامانێکی ئەفسانەییە، بەهاکەی زیاترە لە نیو ملیار دۆلار.
جەیمس، لەو ساتەدا کە مێژوو سەیری دەکرد، هەڵبژاردنە هەڵەکەی کرد، هارد درایڤە ڕاستەکەی، کە گەنجینە بوو، فڕێدرایە ناو سەلەی خۆڵەکە و دواتر لە بزبڵدانەکانی وێڵز نێژرا.
ئەو هارد درایڤە بچووکە، لەناو تاریکیی زبڵداندا، بوو بە چرای ئەلادینی سەدەی بیست و یەک. بەهای بیتکۆین تەقییەوە و جەیمس لە خەوێکی تاڵدا بەخەبەر هات کە تێگەیشت چی لەدەستداوە. لێرەوە، چیرۆکی جەنگێکی یەک دەیە دەستی پێکرد. جەنگێک لەنێوان پیاوێک و چیاکانی زبڵخانەکانی وێڵز.
جەیمس، تیمێکی پڕ لە ئەندازیار، ژینگەناس، پسپۆڕی هەڵکەندن دروستکرد، تەنانەت سەگی ڕۆبۆتی کە بە زیرەکیی دەستکرد کار دەکەن هێنا، پلانێکی وردی دارشت بۆ دۆزینەوەی هاردەکەی و بەڵێنی سەدا بیست و پێنجی ئەو سامانە خەیاڵییەی بە شارەوانیی "نیوپۆرت" دا ئەگەر بیدۆزێتەوە و تکای لە شارەوانی کرد، تەنها هاوکاری بکەن لە دۆزینەوەی گەنجینەکەیدا.
رۆژ و مانگ تەواو بوو، بووە ساڵ تا گەیشتە یەک دەیە، دیواری بەردینی بیرۆکراسی، لە هەرچی چیای زبڵە بەرزتر بوو، جەمس گەنجینەکەی نەدۆزییەوە و شارەوانی بە بیانووی مەترسیی ژینگەیی و تێچووی زۆر، دەرگای هیوایان بە ڕوویدا داخست.
مرۆڤ تا کەی دەتوانێت شەڕ لەگەڵ تارماییدا بکات؟
دوای دەیەیەک لە چاوەڕوانی، لە هیوا و لە بێهیوایی، ڕۆحی جەیمس شکا. ئەو تێگەیشت کە هەندێک گەنجینە بۆ هەمیشە ون دەبن و هەندێک جەنگ هەرگیز نابرێنەوە.
دواجار، بەو وشانەی کە هەموو جیهان چاوەڕێی نەدەکرد، کۆتایی بە گەورەترین گەڕانی سەردەم هێنا و وتی:
"ئیتر بەسە، من وازم هێنا."
جەیمس تەنها وازی لە نیو ملیار دۆلار نەهێنا، ئەو وازی لەو مۆتەکەیە هێنا کە دەیەیەک بوو خەوی لێ زڕاندبوو.
ئەو بڕیاریدا لەبری گەڕان بەدوای گەنجینە لەدەستچووەکەیدا، بەدوای ئارامیی لەدەستچووی خۆیدا بگەڕێت.
ئێستا، چیرۆکەکەی وانەیەکە بۆ هەموومان، وانەیەک لەسەر ئەوەی کە گرانبەهاترین شتەکان لە ژیاندا، ئەو شتانەن کە بە پارە ناکڕدرێن، وەک ئارامیی دەروون و ئازادبوون لە پەشیمانی.
ئەو، بە دەستی خۆی، گرانبەهاترین گەنجەی خۆی ناردە زبڵخانەکان و تا ماوە، ئەم هەڵەیەی لە یاد ناکات.